گوتوبێژێک له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسر ره‌زازی!
سازدانی: حاته‌می مه‌نبه‌ری ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌ڵوێست
گومانێک له‌وه دا نیه که ناسری ره‌زازی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی بێژی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌یه. گه‌ییشتن به‌م ئاسته و بوون به یه‌کێک له هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دۆخ‌ناهه‌مواری وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی کورد کارێکی سووک و هاسان نییه.
گه‌لێک شت و تایبه‌تمه‌ندی گرنگ ره‌زازییان هێناوه‌ته ئه‌م ئاسته به‌رزه و ئه‌م لووتکه به‌نرخه که بریتین له:
1 ده‌نگێکی خوش و چریکه‌یه‌کی بولبول ئاسا که هاوتای له مه‌زنه کوردستانیش دا ده‌گمه‌نه.
2 پشتکار و به‌رده‌وامییه‌کی زۆر و له‌بن‌نه‌هاتوو که سنووری چل دانه ساڵی سه‌خت و پڕکاره‌ساتی تێپه‌ڕاندووه.
3 خه‌رمانێک به‌رهه‌می باش و به‌نرخی هێناوه‌ته به‌رهه‌م، که بوونه‌ته مڵک و ماڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌کانیتریش وه‌ک هونه‌ری ره‌سه‌نی کورد ده‌یاناسن و هاسان بۆیان نادزرێن! .
4 بوون و مانه‌وه له‌گه‌ڵ ره‌نج و ئازاره‌کانی خه‌ڵکی کورد و به ده‌نگی به‌رز و ره‌سا هاوارکردنی داوا و داخوازییه‌کان‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی.
5 هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆر بۆ فێربوون و زاڵبوون به سه‌ر به‌شی زۆری زاراوه‌کانی زمانی کوردی‌دا و له‌م رێگایه‌شه‌وه چوونه ناو ده‌ریای قووڵی مووسیقای فۆلکلۆریکی کوردی، که ره‌زازی کردووه به مڵکی هه‌موو پارچه و ناوچه‌کانی کوردستان.
6 شاره‌زایی و هونه‌رمه‌ندیی خۆی له چرینی هه‌موو زاراوه‌کانی کوردی‌دا سه‌لماندوه و رچه‌شکێنی ئه‌م بواره بووه له گۆرانی خوێندندا و به‌وشێوه نیشانی داوه که هونه‌رمه‌ندی ناوچه یا زاراوه‌یه‌ک نییه. له‌م بواره‌دا ره‌زازی توانیویه به ته‌قه‌ڵی گۆرانی هه‌ر چوارپارچه‌ی له‌تکراوی کوردستان پێکه‌وه بدورێنێته‌وه و هانده‌رێک بنێت بۆ پێکهاتنی شێوه زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی.
سه‌رجه‌می ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه که ره‌زازی وه‌ک یه‌کێک له دیارترین هونه‌رمه‌ندانی کورد پیویستی به ناساندن نه‌بێت، بۆیه منیش له‌م وتووێژه‌دا له‌وه‌وه ده‌ست پێناکه‌م که مه‌به‌ستی ناساندنی یه‌کێک له ناسراوترین گۆرانیبێژانی کورد بێت به‌ڵکوو له ره‌زازی ده‌پرسم:
1. ئه‌گه‌ر ئێمه بگه‌ڕینه‌وه بۆ 50 / 60 ساڵ پێش ئیستا، ئه‌بینین که داگیرکه‌رانی کوردستان چه‌ندینجار توانیویانه بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی چه‌کداری کورد، تێک بشکێنن، رێبه‌رانی له سێداره بده‌ن و سنووری ده‌ستکرد له ناو خاک و دڵی ئێمه‌دا بکێشن، به‌ڵام هونه‌ر به گشتی و هونه‌ری شێعر و گۆرانی‌یان بۆ ده‌سته‌مۆ نه‌کراوه، به‌ڵکوو هونه‌رمه‌ندانی کورد بێ‌ترس له زۆردار و سته‌مکار، ڕۆڵی خویان گێڕاوه و ئه‌م سنوورانه‌یان به‌زاندووه.
ئه‌کرێ ئێوه رۆڵی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری شێعر و گۆرانی له‌م مه‌یدانه نابه‌ره‌نبه‌ره‌دا بۆ پاراستنی پێناسه‌ی یه‌کگرتووی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک باس بکه‌ن؟
وه‌ڵام:
هونه‌ری کوردیی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ساڵانه وا له‌ژێر کاریگه‌ریی هونه‌ریی چوواری وڵاتی داگیرکه‌ر و تووشی کێشه‌ی گه‌وره بووه، به‌ڵام توانیویه‌تی به پلوپا و تێکۆشانی کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندی به ئه‌مه‌گی کورد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و که‌موکووڕیانه‌ی که هه‌یه‌تی له سه‌ر لاقی خۆی راوه‌ستێ و له‌ناو دڵی خه‌ڵکی کورددا جێگای خۆی بکاته‌وه. هه‌رچه‌ند گه‌لی كورد، گه‌لێكی بنده‌ست و چه‌وساوه‌یه و تووشی كاره‌ساتی گه‌وره هاتووه و هونه‌ره‌كه‌ی له ژێربه‌رانی زمان و كولتووری داگیركه‌ره‌كه‌یدا كلێڵه و گۆت بووه و بۆ مانه‌وه‌ی په‌رچه له خۆی ده‌كا و هێشتا له پاودانی خۆپاراستندایه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م گه‌له بنده‌سته توانیویانه ئه‌و هونه‌ره بگه‌یێننه ئاستێك كه شانله‌شانی هونه‌ری گه‌لێكی خاوه‌نده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت بدا و به دنیاشی نیشان بده‌ن كه: ئه‌م گه‌له زیندووه و هه‌یه و ده‌توانێ خۆشی به‌ڕێوه‌به‌رێ و شیاوی ئه‌وه‌شه كه ده‌وڵه‌تیشی هه‌بێ.
خاڵی هه‌ره‌گرنگیش ئه‌وه‌یه که: جیاوز له خه‌بات و تێكۆشانی لێره و له‌وێ پارت و حیزبه سیاسییه‌کان، بۆ رزگاریی كوردستان، بێژگه له‌وه‌ی که هه‌تا ئێستا زیاتر له 30 شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی کورد له درێژه‌ی مێژوودا له خوێن گه‌وزاوه و هه‌ره‌سیان پێ هێناوه، ته‌نیا شتێك كه نه‌یهێشتووه كورد بمرێ و له‌ناو بچێ و له‌راستیدا نێوی ئێمه‌ی زیندوو راگرتووه، فۆلكلۆری كوردییه، به‌تایبه‌ت گۆرانیی و به‌یت و باو. به‌یت و گۆرانیی کوردیی، بۆ نموونه: هۆره و لاوک و سیاچه‌مانه و حه‌یران و هیدیکه، زمانی کوردیییان له مردن رزگار کرد و زیندوویان هێشته‌وه، چونكه زۆر رووداوی گه‌وره‌ی مێژووییمان هه‌یه، كه له گۆرانییدا بۆمان ماوه‌ته‌وه. بۆ نموونه ئه‌و رووداوانه‌ی که له به‌یتی "دمدم" و "به‌یتی پاشاکۆره" و "سیابه‌ند و خه‌جێ" و هیدیکه‌دا بۆمان ماوه‌ته‌وه.
گۆرانیی و هۆنراوه‌ی کوردیی، هه‌میشه له پاودانی په‌رچه و به‌رگریدا بووه بۆ ئه‌وه‌ی تێدا نه‌چێ و به‌م هه‌موو هه‌وراز و نشێو و که‌وتن و هه‌ستان و په‌رچه و به‌رگرییه‌وه که تووشی هاتووه و به ساڵانه بۆ ئه‌وه تێده‌کۆشێ که خۆی بپارێزێ و له‌ناو نه‌چێ، دیسان هه‌ر باشه و ده‌توانم بلێم، ئه‌م هونه‌ره باش ماوه. چونکه زمانه‌که‌مان له بنه‌ڕتدا له‌ناو نه‌چووه، راسته زه‌بری دیوه و کێشه‌ی هاتۆته پێش، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ر لاقی خۆی به‌هۆی کۆمه‌لێک هونه‌رمه‌ندی نیشتمانپه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه وه‌ستاوه و نه‌فه‌وتاوه.
به‌ڵام به داخه‌وه، هێشتا وه‌کوو پێویست خزمه‌تی نه‌کراوه و هونه‌رمه‌ندانی کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مه‌کانیان نافرۆشرێ و هونه‌ری کوردیی به کاناڵێکی بازرگانیدا تێنه‌په‌ڕیوه و کورد بنده‌ست و بێده‌وڵه‌ت بووه و هونه‌ری کوردیی پاره ناکا و هونه‌رمه‌ندی کورد بێپشتیوان و بێکه‌سه، ده‌بێ ئاوڕی زۆرتری لێبدرێته‌وه. ئێستا که کورد له به‌شێک له نیشتمانه‌داگیرکراوه‌که‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ له‌و به‌شه، رێوشوێنێ بگرێته به‌ر بۆ دانانی یاسایه‌ک که مافی هونه‌رمه‌ندی کورد بپارێزرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی کوردیش بتوانێ به هونه‌ره‌که‌ی بژی و ژیانی خۆی دابین بکا. چونکه کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی هونه‌ری کوردیی له ئێستادا ئه‌وه‌یه که نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی خواست و ویسته‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بداته‌وه، له هه‌موو بارێکه‌وه! ئه‌گه‌ر هونه‌ری کوردیش وه‌کوو هه‌موو ئورگانه‌کانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات تێچوونی بۆ ته‌رخان بکرێ، به‌ڕای من ده‌توانێ شان له شانی هونه‌ری گه‌لانی دیکه‌ی دنیا بدات! و له پاشاگه‌ردانی ده‌رباز ببێ.
2. ئه‌و کێشه و گرفت و پاشاگه‌ردانییه چین که هونه‌ری گۆرانیی، به‌ره‌و ئاستێکی خه‌راپ برووه؟
وه‌ڵام:
یه‌که‌م: ئه‌و کێشه و گرفتگه‌له‌ی که بوونه‌ته له‌مپه‌ر بۆ پێشوه‌چوونی گۆرانیی کوردیی، چه‌ند کۆسپن که به‌ڕای من، به‌سراوه‌ته‌وه به بنده‌ستبوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ئورگانه‌وه، چونکه گرفته‌کان زه‌ق و به‌رچاون! بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له کوردستان تێچوون بۆ کاری هونه‌ریی ته‌رخان بکرێ و وه‌کوو هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئورگانی ده‌وڵه‌تی بوودجه‌ی بۆ دابین بکرێ، هونه‌ری کوردیی ناکه‌وێته ناو ئه‌و پاودانه‌ی که ئه‌مڕۆ به‌رۆکی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی کوردی گرتووه و کێشه‌ی بۆ درووست کردووین. چونکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له کوردستان وه‌کوو کێشه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا چاو له هونه‌ر و کاری هونه‌ریی بکات و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان بێت، گرفته‌که هه‌ر هیچ نه‌بێ، به‌شێکی چاره‌سه‌ر ده‌بێ، ئه‌ویش ته‌رخانکردنی بوودجه‌ی ساڵانه‌یه بۆ کاری هونه‌ریی و درووست‌کردنی ستۆدیۆی تۆمارکردنی ده‌نگ و ده‌ره‌تان و تێچوون بۆ هه‌موو لقوپۆپه‌کانی هونه‌ر. واته ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها چاو له هونه‌ر بکرێ که: هونه‌ر ده‌توانێ خزمه‌تێکی به‌رچاو به کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکا و ئا له‌م روانگه‌یه‌وه چاو له هونه‌ر بکرێ، نه‌ک بۆ رابواردن و خۆشگوزه‌رانیی، هونه‌ری کوردیی ئا له‌و ئاسته‌دا قه‌تیس نامێنێته‌وه که ئه‌مڕۆ ده‌یبینین! له هه‌موو وڵاتانی دنیا ساڵانه تێچوونێکی که‌ڵان داده‌نرێ بۆ پێشکه‌شکردنی کاری هونه‌ریی، که‌چی له کوردستان بۆته پاشاگه‌ردانی و خزموخزمالێ و به‌رتیل و سفارش و سه‌ختی.
دووهه‌م: هونه‌ری کوردی، به‌تایبه‌ت گۆرانیی، تا ئێستا وه‌کوو هونه‌ر، نه‌یتوانیوه وه‌ڵامی خواست و ویسته‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و جیهانی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگاکه‌مان بداته‌وه! ئه‌گه‌ر وانییه، بۆ گه‌نج و لاوی کورد و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌کانیشمان، به زۆریی گوێ له گۆرانیی عه‌ره‌بیی و فارسیی و تورکیی و هیدیکه ده‌گرن؟! نه‌ک وه‌کوو هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یێکی دیکه، به‌ڵکوو وه‌کوو هونه‌رێک که له‌باری چۆنیه‌ت و چه‌ندیه‌ت و ده‌وڵه‌مدنبوونییه‌وه له ئاستی هونه‌رییدا له کوردیی خۆشتر و پێشکه‌وتووتره! ئه‌گه‌ر وانییه، بۆ گۆرانیبێژه تازه‌کاره‌کان، من ناڵێم گه‌نج، ده‌ڵێم تازه‌کار، هه‌ر هه‌موویان په‌نایان بردۆته به‌ر شێوازی گۆرانیبێژگه‌لێکی وه‌کوو: جۆرج ئوسووف، ئیبراهیم تاتڵیسه‌س، موعین و زۆری دیکه و به‌لای شێوازی گۆرانیبێژگه‌لێکی وه‌کوو: تاهیر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ک و هیدیکه‌دا ناڕۆن؟! ئه‌مانه هه‌موو گرفت و پرسیارن! داخۆ نابێ وه‌ڵامه‌کانیان وه‌ربگرینه‌وه و به‌دوای چاره‌سه‌ریدا بڕۆین؟
3. که کورد وه‌ک نه‌ته‌وه لیقه‌وماوه و رێگای پێشکه‌وتنی لێ ته‌نراوه هونه‌رمه‌ندێکی رووت و رجاڵ لێ وه‌خاوه‌ن ده‌رکه‌وتووه، به سه‌ره‌تایی ترین ده‌ره‌تان هه‌وڵی داوه گۆرانیی کوردیی له توانه‌وه رزگار بکات، به‌ڵام ئیستا که کورد له چاو بیست ساڵ پێش چه‌ندین به‌رابه‌ر تۆفیری کردووه، هه‌وڵدراوه جێگای شیاوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه له بزووتنه‌وه‌ی کورد دا دیاری بکرێ؟
وه‌ڵام:
ده‌بێ بڵێم نه‌خێر، چونکه هه‌تا ئێستاش نه‌خش و رۆڵی هونه‌رمه‌ند له شۆڕشی کوردستاندا له روانگه‌ی حیزبه‌کانه‌وه نه‌ناسراوه و بایه‌خی پێنه‌دراوه، چونکه سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌ک له‌لای ئێمه زاڵه که هونه‌ر به ره‌سمییه‌ت ناناسێ، دیاره خه‌ڵک وا نین، چونکه ئه‌و رێزه‌ی که کۆمه‌ڵگا بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی داده‌نێ، هیچکات حیزبه‌کان داینانێن، ئه‌وان وه‌کوو که‌ره‌سه چاو له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند ده‌که‌ن و بۆ که‌ڵکوه‌رگرتنی خۆیان پشتیوانیی لێده‌که‌ن، خه‌باتی سیاسی پارت و رێكخراوه‌كانی كوردستان، به‌جێگای ئه‌وه‌ی كه گه‌لی بنده‌ست و چه‌وساوه‌ی كورد به لای ئه‌وه‌دا رابكێشن كه كورد ده‌بێ خۆی بناسێ و ببێ به خاوه‌ن خۆی و رێز له زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و كولتووره‌كه‌ی خۆی بگرێ، خه‌باتی ئه‌م گه‌له‌یان به‌لاڕێدا بردووه و خۆیان و خه‌ڵکیشیان تووشی کێشه و گرفت کردووه، ئینسانیش ده‌بێ بوێرانه بڵێ: کاریگه‌ریی ئه‌م بارودۆخه‌ش، به سه‌ر هونه‌ری ئێمه‌شه‌وه دیاره، به‌ڵام دیسان جێگای خۆشحاڵییه كه كورد ئێستا قۆناخێكی دیكه‌ی بڕیوه و ورده‌ورده تێگه‌ییشتووه كه ده‌بێ بۆ ئه‌وه تێبكۆشێ تێدا نه‌چێ و به‌وه گه‌ییشتووه ده‌بێ بۆ مافی ره‌وای خۆی خه‌بات بكا و ته‌نیا شتێك كه به سه‌ركه‌وتنی ده‌گه‌یێنێ، خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه، هه‌رچه‌ند هۆكار و فاكته‌ری دیكه‌ش هه‌ن بۆ رزگاربوون له سته‌م و چه‌وسانه‌وه و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو کێشه و سه‌رلێشێواوییه، گرنگترین شت له رۆژی ئه‌مڕۆدا ئه‌وه‌یه كه له كاری هونه‌ریی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورددا ئه‌وه له‌به‌رچاوه، که هونه‌ری كوردیی، ده‌یه‌وێ خۆی به گه‌لانی نه‌كورد و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بناسێنێ و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ببێ به خاوه‌ن مۆركی تایبه‌ت و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی. به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه پێشبڕكێی لایه‌نه سیاسییه‌كان کارێکیان کردووه که هونه‌رمه‌ندان بخه‌نه ناو (بێركم)ی سیاسیی خۆیان و زۆرێکیان لێ ده‌سته‌مۆ بکه‌ن و که‌ند و كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی هونه‌رمه‌ندا درووست بکه‌ن، ئه‌مه‌ش وای کردووه که هونه‌رمه‌ندانی کورد یه‌کگرتوو نه‌بن.
من به‌و باوه‌ڕه گه‌ییشتووم که حیزبه‌کانی ئێمه ناتوانن کورد بکه‌ن به نه‌ته‌وه، چونکه دوورن له هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رنامه‌یێکی روون و رۆشنیان بۆ کوردی بنده‌ست و کوردستانی داگیرکراو نییه، به بڕوای من تاکه رێگا بۆ ناساندن و به‌نه‌ته‌وه‌کردنی کورد، خه‌باتێکی فه‌رهه‌نگی - سیاسییه و کاری هونه‌ریی و ئه‌ده‌بیی ده‌توانێ ئه‌و ئه‌رکه له ئه‌ستۆ بگرێ نه‌ک ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که حیزبه‌کانی ئێمه له رۆژهه‌ڵات گرتوویانه‌ته پێش! من کاتی خۆی گوتوومه رێزی هونه‌ر له‌لای حیزبه‌کانی ئێمه له‌م هۆنراوه‌یه‌دا بخوێنه‌وه:
سیاسه‌ت چه‌نده پێچه‌ڵپێچ و هینه
په‌كوو یاران نه‌زانین چه‌ند به‌رینه
هونه‌ر هه‌ستی مرۆڤه، هێزه، تینه
نه وه‌ك ئامرازی گاڵته و پێكه‌نینه
له‌لای هه‌ر پارت و حیزبێكی سیاسیی
كه‌چی دارده‌ست و داهاتووی به‌زینه!!
