هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار له ئێران و پرسی کورد له‌و وڵاته
پێش ئه‌وه بپڕژینه سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره پیویسته سه‌رنجێکی کورت بده‌ینه ئه‌و پره‌نسیپ و بنه‌مایانه‌ی که ریژیمی ئیستای ئێرانیان له سه‌ر دامه‌زراوه، ده‌نا بێ ئه‌وه تووشی لێکدانه‌وه و ئاکام وه‌رگرتنی هه‌ڵه ده‌بین.
ئه‌و ئه‌سڵانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌یان له سه‌ر دامه‌زراوه
ریژیمی ئێران له سه‌ر بنچینه‌کانی دینی ئیسلام و مه‌سهه‌بی شێعه‌ی دوازده ئیمامی دامه‌زراوه و لادان له‌و بنه‌مایانه وه‌ک کوفر و دژی خوا وه‌ستانه‌وه به حیساب دێ. له‌و جووره روانگه‌یه له دینی ئیسلام دا رێبه‌ری ریژیم ( خومه‌ینی، خامه‌نه‌یی یان هه‌رکه‌سێکی تر بێت) نوێنه‌ری خوا‌و وه‌لی فه‌قیهه و که‌س ناتوانێ قسه له قسه‌ی دا بکات. ئه‌م رێبه‌ره که ئه‌توانێ هه‌ر بڕیارێکی پێ خوشه بیدات، خوێ له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵنابژێردرێ و هه‌رکاتێکیش مه‌یلی لێ بێ، ئه‌توانێ هه‌موو نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک (مه‌جلێس، شۆراکان یان سه‌رۆک کۆمار) له سه‌ر کار لابه‌رێ. هه‌روه‌ها رێبه‌ر سه‌رۆکی گشتی هێزه‌چه‌کداره‌کانیشه و شه‌ڕ و سوڵحی وڵات له ده‌ستی ئه‌و دایه. جگه له‌وه شۆرای نگابان که شایه‌سته‌یی و سه‌ڵاحیه‌تی پاڵێوراوانی مه‌جلێس، شۆرا و پۆستی سه‌رۆک کۆماری دیاری ده‌کات و دوایین بڕیار له سه‌ر په‌سه‌ندکراوه‌کانی مه‌جلێس ده‌دات له لایه‌ن ئه‌م رێبه‌ره‌وه دیاری ده‌کرێن.
جێگا‌و رۆڵی سه‌رۆک کۆمار
پێش ئه‌وه باسی جێگا‌و رۆڵی سه‌رۆک کۆمار بکه‌ین پیویسته بزانین کێ له ئێرانی ئه‌مڕۆ دا ئه‌توانێ ببێت به سه‌رۆک کۆمار. به پێ یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران که‌سێک ئه‌توانێ ببێته سه‌رۆک کۆمار که پیاو (ره‌جول) بێت ، موسڵمان بێت، بڕوای به وه‌ڵایه‌تی فه‌قیه (بخوێنه‌وه شێعه‌ی دوازده ئیمامی) هه‌بێت . ئه‌گه‌ر گشت ئه‌م شه‌رتانه‌شی تێدا بێت ئه‌و کات ئه‌بێت سه‌ڵاحیه‌تی له لایه‌ن سۆری نیگابانه‌وه قه‌بووڵ بکرێ که له هه‌ڵبژاردنی پیشوو دا له ناو هه‌زارکه‌سی کاندیدکراو دا 6 که‌سیان په‌سه‌ند کران!
به‌ڵام ئه‌گه‌رکه‌سێک ئه‌م حه‌وتخانی رۆسته‌مه‌ی بڕی و هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وکات له به‌ر ئه‌وه پۆستی سه‌رۆکوه‌زیری له سیسته‌می ئیستای ئێران دا نه‌ماوه، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار له جاران زۆرتره و سه‌رۆک کۆمار بۆ خوی هه‌موو وه‌زیره‌کان و جێگره‌کانیان دیاری ده‌کات . دوای ئه‌وه بڕوانامه‌ی بۆ له مه‌جلێس وه‌رگرتن ئه‌توانێ بۆ ماوه‌ی چوارساڵ سه‌رپه‌ره‌ستی هه‌موو قوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری (موجرییه)ی وڵاتی له ده‌ست دا بێت و جگه له‌وه‌ش پارێزگاری (ئوستاندار) هه‌موو پارێزگاکان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ (کیشوه‌ر) وه دیاری ده‌کرێن که ئه‌ویش ناڕاسته‌وخۆ له کۆنترۆڵی سه‌رۆک کۆمار دایه.
سه‌رۆک کۆمار ئه‌توانێ به پشتبه‌ستن به یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران رێفورم و ئاڵ و گۆڕ له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خوی دا بکات ، بۆ نموونه سانسۆر که‌م کاته‌وه یان ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بدات به ناوچه و پارێزگاکان یان پێچه‌وانه‌که‌ی.
پرسی کورد و سه‌رۆک کۆمار
ئێران جگه له کورد چه‌ند نه‌ته‌وه‌ی تری وه‌ک ئازه‌ری، به‌لووچ، عه‌ره‌ب، تورکه‌مه‌ن و لۆڕی تێ دایه که مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان بن پێ ده‌کرێن. هه‌ر که‌سێک بی هه‌وێ به نیسبه‌ت پرسی کورده‌وه هه‌نگاوێک هه‌ڵگرێ ئه‌بێت بزانێ که دره‌نگ یان زوو پرسی گه‌لانیتریشی به ریشه‌وه ئه‌بێت و ئه‌مه‌ش یه‌کێک له گرییه پووچکه‌کانی کێشه‌ی کورد له ئێرانه. به‌و حاڵه‌ش له قانوونی ئه‌ساسی ئێران و له به‌ندی 15 ی ئه‌و یاسایه دا به روونی ئیشاره کراوه که : ''ئه‌قوامی ئێرانی" ئه‌توان له پاڵ زمانی فارسی دا زمانی زکماکی خویان بخوێنن! بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رۆک کۆمارێکیش به راستی گه‌ره‌کی بێت ئه‌توانێ له‌م باره‌وه هه‌نگاوێکی بچووک به‌ڵام گرنگ هه‌ڵگرێ بێ ئه‌وه کارێکی پێچه‌وانه‌ی قانوونی کردبێت.
به‌شێک له کاندیداکان له‌وانه مێهدی که‌ڕووبی و میر حوسه‌ینی مووسه‌وی چه‌ند خاڵێکیان له‌م باره‌وه ده‌ستنیشان کردووه که ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن وه‌دسه‌ت بێنن جێبه‌جێ ده‌که‌ن به‌ڵام وه‌ک له سه‌ره‌وه وترا بۆ هه‌ر کار و بڕیارێک له ئێران دا رازی بوونی رێبه‌ری نیزام پیویسته و ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌رکه‌وتووه رێبه‌ری نیزام ته‌نیا خزمه‌ت و نۆکه‌ری له کوردان ده‌وێ نه‌ک به‌شدارییان له ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی خویان.