دوا وته
پڕیارم دابوو هیچکام له‌و نامه و بابه‌تانه که به باشی و پۆزێتیڤ له سه‌ر "پاش گه‌مارۆ" نووسراون بڵاو نه‌که‌مه‌وه چوونکه زیاتر له دووسه‌د دانه‌ن. بۆیه دامنابوو ته‌نیا له رسته‌یه‌ک دا به هه‌موولایه‌ک بڵێم سپاس، زۆر خوشحاڵم که ئێوه خوشه‌ویستان وێڕای ره‌خنه و هه‌ڵه راستکردنه‌وه‌ش، له من و مه‌به‌سته‌که‌م گه‌ییشتوون ، ئه‌و پێشوازییه به‌رینه ( به‌تایبه‌تی له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه که له‌م رووداوانه دا بۆ خۆیان به‌شدار بوون) خوی باس له گؤڕانێکی گرنگ ، پۆسێتیڤ و پیویست ده‌کات که له ناو چالاکانی سیاسی کورد داپێکهاتووه ، .به‌ڵام نامه‌ی کاک شۆڕش ناچاری کردم جگه له‌م رسته‌یه به‌شێک له نامه‌ی شیوایچ بکه‌مه سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه که وه‌ک خوی له خواره‌وه ده‌یبینن:
کاک حاته‌م سه‌لام
من خاڵوی خوشه‌ویستم،(تاکه برای دایکم و سێ خوشکیتر) له‌م شه‌ڕه دا له ده‌ست دا . ئه‌و وه‌خته من مناڵ بووم به‌ڵام ئیسه‌یچه چڕوچاوه جوانه‌که‌ی ها به‌به‌رچاومه‌وه.
قه‌سه‌مم خواردبوو به ئه‌نازه‌ی پاسداره‌کان قینم بێت له کۆمه‌ڵه چوونکه خاڵۆمیان کوشتبوو.
به‌ڵام له رێگای ره‌فێقێکمه‌وه ئاگادار بووم که تۆ خاتره‌کانت نووسیوه و ئادره‌سه‌که‌م په‌یدا کرد.زوو گه‌ڕیام باسه‌که‌ی ئه‌و شه‌ڕه خاڵۆم تێ دا شه‌هید بوو( شه‌ڕه‌که‌ێ پشت ئاوایی...) دۆزییه‌وه و سه‌ریع خوێندمه‌وه ، دڵم پڕبوو تێر گریام، رۆژی دواتر چوومه‌وه سه‌ر سایته‌که و له ئه‌وه‌ڵه‌وه ده‌سم کرده و به خوێندنه‌وه‌ی... دوای ئه‌وه گشت به‌شه‌کانم خوێنده‌وه گیژبووم، نه‌م ئه‌زانی تۆ کۆمه‌ڵه بووگی یان دیموکرات!، واقعه‌ن بێ ته‌ره‌فانه‌س. که‌سێک که خوی له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌و گشت سه‌ختییه‌ی کێشابێ و ئه‌و گشت که‌سه نزیکه‌ی له‌ده‌ست دابێ, چۆن ئه‌توانێ وا دڵسۆزانه قه‌زاوه‌ت بکا‌ت و بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی خه‌تاکانی خویچی باس کات. به نه‌زه‌ر من ئه‌مه نیشانه‌ی سه‌داقه‌ت و بوونی ته‌عادوڵێکی که‌م وینه‌ی ره‌وانییه که له تۆ دا هه‌س! بێ ته‌عاروف من ئفتخار ئه‌که‌م که ... من ئیسه به ته‌واوی قه‌زاوه‌تێ کیترم له سه‌ر ئه‌م شه‌ڕه و کۆمه‌ڵه و هه‌روه‌ها حیزبیچ هه‌س، راسیه‌که‌ی تۆ منت کردبه...” ئه‌م نامه‌یه فره دوور‌و دریژه و من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌م باره‌وه به کافی ده‌زانم.
له‌و به‌شه‌ی دا که شیوا باسی "ته‌عادولی که‌موێنه‌ی ره‌وانی" ئه‌کات منی زۆر خوشحاڵ کرد ، له به‌ر خومه‌وه وتم لانی که‌م باری ره‌وانیم باشه، به‌ڵام دواتر نامه‌ی کاک شۆڕش ئه‌م خه‌ون و خیاڵه‌ی لێ کردمه بڵقی سه‌ر ئاو:
ئێوه نووسه‌رانی سایتی... (به‌شێکی زۆری نامه‌که‌ی کاک شۆڕش که‌م لوتفییه به سایتی هه‌ڵویست و نووسه‌رانی که به ده‌ست ئه‌وانیش گه‌ییشتووه و من له هێنانی ئه‌و به‌شه‌ی خوم ئه‌بوێرم)
...کاک حاته‌م مه‌نبه‌ری ساڵی رابوردو ئه‌و هه‌موو چه‌واشه‌کاری و درۆیه که به سه‌دان درۆ و چه‌واشه‌یه و من نامه‌وێ یه‌ک به‌یه‌ک روونی که‌مه‌وه و له‌سه‌ر شه‌ڕ ناوخویی له‌م ماڵپه‌ڕه نووسی. چی له‌بیرچووه که دیسان په‌نا دباته ئه‌م قسه‌و باسه قه‌دیمیه. کاک حاته‌م تووشی ناخوشی ده‌روونی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه.
به‌کاک حاته‌م پێشنیار ده‌که‌م ئه‌مجار له سه‌ر شه‌ڕناوخووی ناو باڵه‌کانی ناو حیزبی دێموکرات له ساڵی 1367 هه‌تاوی به‌م لاوه بابه‌ت بنووسێ نه‌ک له سه‌ر کۆمه‌ڵه.
له ئوروپا پزشکی ره‌وانشناسی باش زۆره . داواتان لێده‌که‌م هه‌مووتان به تایبه‌تی کاک حاته‌م مینبه‌ری سه‌ردانی ئه‌م پزشکه ره‌وانشناسه بکه‌ن و بڵێن تووشی نه‌خوشی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ین و به هه‌موو جنێوی نووسه‌رانی قولابی و ناو نهێنی په‌نا ده‌به‌ین به‌ڵکوو خوا ره‌حمتان پێ‌بکات و چاره‌سه‌ر بن.
شۆڕش
جگه له‌م دوو به‌ڕێزه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند به‌ڕێزێکی تریش پێان وایه که من هێندێک له رووداوه‌کانم پێش و پاش نووسیوه، بۆ نموونه : به‌ڕێزێک نووسیویه رووداوی ده‌ره‌ویانی شێخ پاش رووداوی دۆڵی وشکه‌ڵان بوو. من دڵنیام له‌م باره‌وه هه‌ڵه‌م که‌م نیه به‌ڵام زۆریش دڵنیا نیم که راستکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌و دۆستانه‌ش به ته‌واوی بێ هه‌ڵه‌یه. بۆیه ده‌ستکاریم نه‌کرد. له راستیش دا بۆ من وه‌ک خوی و درۆست گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کان گرنگتره تا ئه‌و به‌شه‌ی و دڵنیام رۆژێک ئارشیوی ئه‌و لایه‌نانه ده‌ست که‌وێ ئه‌و هه‌ڵانه‌ش به هاسانی راست ده‌بنه‌وه.
******
جگه له‌و نامانه‌ی بۆ خوم یان بۆ هه‌ڵویست هاتوون چه‌ند به‌ڕیزێکیش به نووسراو بۆ چوونی خویان له سایت و وێبلاگه کان دا نووسیوه.بۆ نموونه به‌ڕێزان، ره‌حمه‌ت فاتحی ، مه‌عرووف که‌عبی ، رۆژین ناوێک و... هه‌روه‌ها هێندێک که‌سی دوور و نزیکیش له چوارچێوه‌ی بیری سیاسی من تووشی گومان بوون ، که‌سانێک پێیان وایه که من هێشتا فکره‌ن "حیزبی دیموکرات"یم و که‌سانێکیش له کۆمه‌ڵه نزیکم ئه‌زانن، بۆیه هاتووم تاوانی ئه‌م شه‌ڕه‌م به قازانجی ئه‌م یان ئه‌و لایه‌ن (یان راست وه‌ک یه‌ک به سه‌ریان دا دابه‌شم کردووه!).
من وێڕای رێز و حورمه‌تی تایبه‌تم بۆ بۆچوونی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه جارێکی‌تر دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که مه‌به‌ست، ئه‌رک و ته‌نانه‌ت کاری من (یش) ئه‌وه نیه تاوانباری یه‌که‌م و دووهه‌م له‌م خوێنڕشتنه دا دیاری و ده‌ست نیشان بکرێ. بۆیه من ویستوومه ئه‌و شته‌ی که وه‌ک شاهێدێک من و سه‌دان که‌سی دیکه‌ش له نزیکه‌وه بینیومانه، به شێوه‌یه‌ک تۆمار و دیکۆمه‌نت بکرێ و هه‌روا به هاسانی له بیر نه‌چێته‌وه ، چوونکه دڵنیام رۆژێک نه‌وه‌یه‌کی نوێ په‌یدا ده‌بێت به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌کان دا ده‌گه‌ڕێ و چاوه‌ڕوان ده‌بێت که له‌و هه‌زاران که‌سه‌ی که به‌شداری ئه‌م تاوانه نیشتمانییه بوون ، لانی که‌م چه‌ند که‌سیان ( با وه‌ک ئه‌م کاره پڕ له هه‌ڵه و ناته‌واوه‌ی منیش بێت) شتێکیان له‌و رۆژ و رووداوانه یادداشت کردبێت !
ره‌نگه له درێژه‌ی ئه‌م نووسینه‌ش دا روون بوو بێته‌وه که من ئه‌هلی "نان به قه‌رزدان" نیم و هه‌ڵویستی خوم له که‌س ناشار مه‌وه. به‌ڵام بۆ نه‌هێشتنی گشت ناروونی و خراب حاڵیبوونێک به پیویستی ده‌زانم وێڕای ده‌ربڕینی رێز و حورمه‌تم بۆ بیر و بۆچوونی هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ی که ئامانجیان ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه، بڵێم که ئامانجی سیاسی من ، ( بێ ئه‌وه گرێدراوی هیچ حیزبێکی سیاسی بم) رزگاری هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان له ژێرده‌ستی داگیرکه‌رانی تورک ،فارس و عه‌ره‌ب، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، دیموکرات و مرۆڤپه‌روه‌ره بۆ خه‌ڵکی کوردستان . حیزبی سه‌راسه‌ری بۆ من ئه‌و حیزبه‌یه که، سه‌راسه‌ری کوردستان به مه‌یدانی خه‌باتی خۆی ده‌زانێ. ئه‌و کوردانه‌ی که له حیزبێکی ئێرانی، ئێراقی، سووری یان تورکی دا ئه‌بنه ئه‌ندام (هه‌ن به زۆر ناوی ئێران ده‌که‌نه پاشکۆی خۆیان) له روانگه‌ی منه‌وه ته‌نیا ئێنرژی و کاتی خویان به خه‌سار ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ک له ماوه‌ی 70-80 ساڵی رابوردوو دا ده‌رکه‌وتووه ئه‌م که‌سانه هیچکات له‌م رێگه‌یه‌وه ناتوانن قازانجێک نه به کورد و نه به‌ۆ گه‌لانه بگه‌یین . به پێ ئه‌م ئه‌سڵه من نه له رێزی هیچ به‌شێکی کۆمه‌ڵه دا رێگام هه‌یه و نه دیموکراتیش توخنم ده‌که‌وێ. دیاره ئه‌مه به مانای حاشاکردن له رابوردووی خوم نیه، به پێچه‌وانه من به شانازی (به‌ڵام به دنیایه‌ک ره‌خنه‌وه) چاو له رابوردووی خوم و بوونم له حیزبی دیموکرات دا ده‌که‌م.
بۆیه راست و حه‌قیش نیه من له‌م داستانه دا لایه‌نی کۆمه‌ڵه ، یان دیموکراتم گرتبێت و به قازانجی یه‌کێکیان رووداوه‌کانم گێڕابێته‌وه. به‌ڵام وه‌ک به‌شێک له خه‌ڵک و بزووتنه‌وه‌ی کوردستان هه‌ست و خوشه‌ویستیم بۆ گشت به‌شه‌کانی ئه‌م حیزبانه هه‌یه و به رێزه‌وه ده‌ڕوانمه کار و زه‌حمه‌ته‌کانی ئه‌ندامانیان . هه‌وڵیشم داوه رابوردووی خوم له حیزبی دیموکرات دا پێشی راستبێژی و سه‌داقه‌تم نه‌گرێ و هه‌ڵه بۆ که‌س دانه‌پۆشم. له لایه‌کی تریشه‌وه من قه‌ت خوم له دژبه‌ری ئه‌وان دا نه دیتووه . بۆیه ئه‌وه‌ش له‌م باره‌وه نووسیومه ته‌نیا بۆ دڵسۆزییه و ویستوومه به‌وان و( بۆ) خه‌ڵکی کوردستان بڵێم:
ئه‌م کاره‌ی ئێمه ئه‌نجاممان دا تاوانێکی مه‌زن بوو ده‌رهه‌قی خه‌ڵکێکی سته‌م لێکراو و بێ پشتیوان . ده‌کراو و ده‌گونجا پێش به‌م شه‌ڕه بگیردرێ و ئه‌م زیان و ماڵوێرانییه مه‌زنه تووشی خومان و خه‌ڵکی کوردستان نه‌که‌ین.
که‌سانێک (له‌وانه کاک ره‌حمه‌ت فاتێحی) پێیان وایه که ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕی چینایه‌تی بوو، حیزبی دیموکرات ده‌ی هه‌ویست "کۆنه‌په‌ره‌ستی له کوردستان دا حاکم بێت" و... بۆیه شه‌ڕی به کۆمه‌ڵه فرۆشت. زۆر که‌سی حیزبیش هه‌ن راست ئه‌م قه‌زاوه‌ته‌یان له سه‌ر کۆمه‌ڵه هه‌یه. من لۆژیکێکی سه‌رده‌میانه له هیچکام له‌م بۆچووانه دا نابینم چوونکه:
ئێمه له کوردستان و له هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوین دا ده‌یان نموونه‌ی وامان هه‌یه که بوونه‌ته هۆی شه‌ڕی خوێناوی له نێوان لایه‌نه‌کان دا و هیچ که‌سیچ ناتوانێ بیانووی چینایه‌تییان بۆ بتاشێ. بۆ نموونه:
شه‌ڕی موجاهێدین و کۆماری ئیسلامی، دوو حیزبی به‌عسی سوورییه و ئێراق، حه‌ماس و فه‌تح، رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێر(باڵی جیا بووه‌و له حیزبی دێموکرات) و حیزبی دیموکرات،یه‌کیه‌تی و پارتی ، شه‌ڕه چه‌قۆی ناو باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه و...
له زۆر شوێنی تری دنیاش چین و توێژی جیاواز هه‌ن؛ به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان رێگای شه‌ڕ ناگرنه‌به‌ر، به پێچه‌وانه راستی و بوونی یه‌کتر قه‌بووڵ ده‌که‌ن و سه‌رده‌میانه‌ش کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن بێ ئه‌وه ده‌ست له بۆچوون و به‌رنامه‌ی خویان هه‌ڵگرن.
من تێده‌گه‌م که کۆمه‌ڵه و دیموکرات خاوه‌نی دوو بۆچوون و جه‌هانبینی جیاواز و بگره دژ به یه‌ک بوون . کۆمه‌ڵه به شێوه‌یه‌کی رادیکاڵ (یان فاناتیک) و دیموکرات لیبراڵ (یان سازشکارانه) سه‌یری دیارده و رووداوه‌کانیان ئه‌کرد، به‌ڵام قه‌رار نیه مرۆڤی "موته‌مه‌دون" له‌گه‌ڵ گشت رکه‌به‌ر و نه‌یارێکی خوی دا شه‌ڕی چه‌کدارانه بکا‌ت.
قسه و ره‌خنه‌ی من ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵه و دیموکرات هه‌رکامه‌یان وێنه و روخسارێکیان له حیزبی به‌رابه‌ری خۆیان تاشی بوو که 10% له‌گه‌ڵ راستییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌دا نه‌ده‌گونجا. کۆمه‌ڵه حیزبی دیموکراتی وه‌ک حیزبێکی "کۆنه‌په‌ره‌ست، دژی خه‌ڵکی ، سته‌مکار، عه‌قه‌ب مانده" و... پێناسه ده‌کرد و به ئه‌رکی خوی ده‌زانی پێش کۆماری ئیسلامی ئه‌و له به‌ین ببات . مرۆڤ کاتێک له‌م وێنه‌یه ده‌ڕوانێ به جێگای رێبه‌رانی حیزبی دیموکرات سێقه‌توڵا موجه‌دهدی(یه‌کێک له رێبه‌رانی گرووهه ئیسلامی‌یه‌کانی ئه‌فغانستان) و مه‌لا عومه‌ر(رێبه‌ری تاڵه‌بان له ئه‌فغانستان)ی دێته به‌رچاو!.
بێگومان له‌م باره‌وه "سه‌هه‌ند"ییه‌کان و له‌وانه شه‌خسی مه‌نسوور حیکمه‌ت ده‌وری هه‌بوو. ناوبراو به بیانووی دابڕینی کۆمه‌ڵه له پۆپۆلیسم(بخوێننه‌وه له خه‌ڵکی کوردستان) سه‌ره‌تا حیزبی دیموکراتی له‌و قاڵبه دا نیشان دا و دواتر ئه‌م جل و به‌رگه‌ی کرده به‌ری سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ی کوردستان و وتی فه‌رموون ره‌جمی بکه‌ن!. ئه‌وه‌ی به‌ردی له‌م "شه‌یتانه" (ناسیۆنالیسم کرد) نه‌گرتبا "عه‌قه‌ب مانده" وناسیۆنالیست بوو و ده‌بوا شه‌رم له خوی بکا‌ت!(ئه‌ڵبه‌ت پێشتر وه‌ها فه‌زایه‌کی بۆ وشه‌ی ناسیوناڵیزم پێک هێنابوو که که‌س نه‌وێری توخنی که‌وێ.) روانینی ئه‌مڕۆی حیکمه‌تیسته‌کان بۆ سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه‌ی کورد و حیزبه‌کانی،له‌وانه گشت ته‌یفی کۆمه‌ڵه، روونتر له‌وه‌یه تا پیویست بێت من هیچی لێ زیاد که‌م.
حیزبی دیموکراتیش هه‌ر به‌م لۆژیکه کۆمه‌ڵه‌ی پێناسه ده‌کرد و ده‌یگوت : " ئه‌مانه ژماره‌یه‌ک لاوی سه‌رلێ شێواون. نفوز و ئێعتباریان که‌متر له‌وه‌یه که بچووکترین حیسابیان بۆ بکرێ. له‌گه‌ڵ راستییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد دا بێگانه‌ن . دنیا ته‌نیا له کتێبان دا ده‌بینن. له‌وه‌ش خراپتر به قه‌رز کردنی تیوری حیزبێکی "سه‌رانسه‌ری" له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه، ئه‌م هێزه‌ی له‌گه‌ڵ پولپوتیزم له کامبوج مقایسه ده‌کرد. ئه‌وه له کاتێکدا بوو که حیزبی دێموکرات(لانی که‌م رێبه‌رانی) هیچ ته‌حلیل و پایه‌یه‌کی ئیسباتیان بۆ ئه‌م ئیدیعایه بڵاو نه‌کرده‌وه.
وێنه‌ی به‌رخوردی فیرقه‌یی بۆ گرووپ و فێرقه فه‌ناتیکه چه‌په‌کانی ئێرانی، له‌وانه سه‌هه‌ند ، په‌یکارو ره‌نجبه‌ران ره‌نگه بگونجێ، به‌ڵام بۆ کۆمه‌ڵه‌یه‌ک که هه‌زاران پێشمه‌رگه و ده‌یان هه‌زار لایه‌نگری هه‌بوو و رۆژ به رۆژیش په‌ره‌ی ده‌گرت زیاتر خۆفریو دان و چاواشه‌کاری بوو تا راستی و واقێعیه‌ت.
هه‌ردووکی ئه‌م وێنانه هه‌ڵه و چه‌واشه‌کارانه بوون. حیزبی دیموکرات حیزبێکی کۆنه‌په‌ره‌ست نه‌بوو چوونکه:
به پێ به‌رنامه سیاسییه نووسراوه‌که‌ی ( ئه‌حزاب به پێ به‌رنامه‌که‌یان کاته‌گۆرییان ده‌ستنیشان ده‌کرێ) ئه‌م حیزبه بڕوای به یه‌کسانی ژن و پیاو، ئازادی بیر و بڕوای سیاسی، تێئۆری په‌ره‌ئه‌ستاندنی کۆمه‌ڵ، جیایی دین له ده‌وڵه‌ت ،زه‌وی بۆ ئه‌و که‌سه‌ی کاری له سه‌ر ده‌کات و .... هه‌بوو هه‌روه‌ها یه‌کیه‌تی کرێکاری و سنفی به‌ڕه‌سمی ئه‌ناسی و سه‌ره‌نجام بۆ دوارۆژی کوردستان سۆسیالیزمی وه‌ک نه هێشتنی سته‌می چینایه‌تی کردبووه ئامانج.
ئه‌م پڕۆگرامه سیاسییه به پێ هیچ قانوونێک ناتوانێ به‌رنامه‌ی حیزبێکی "ئیرتجاعی" و کۆنه‌په‌ره‌ست بێ. جگه له‌مانه زیاتر له هه‌شتا له‌سه‌دی به‌ده‌نه و رێبه‌ری حیزب که‌سی سێکۆلار و- به ریوایه‌تی خویان- چه‌پ و عه‌داڵه‌تخواز بوون.
کۆمه‌ڵه‌ش "تاقمێکی بچووکی رووناکبیری سه‌رلێشێواو" نه‌بوون، به‌ڵکوو حیزبێکی سیاسی مودێڕن ، خاوه‌ن نفووز و پشتیوانی رێژه‌یه‌کی فراوانی خه‌ڵکی کوردستان و به‌شدارێکی چالاک و گرنگی به‌ربه‌ره‌کانێ (مقاومت) خه‌ڵکی کوردستان له دژی ریژیمی هاری تاران بوو. کۆمه‌ڵه له ماوه‌یه‌کی کورت دا توانیبووی گه‌لێک به‌ند و باوی رزیو له ده‌ست و پێ مرۆڤی کورد بکاته‌وه و بۆ یه‌که‌مجار له میژووی کورد دا (پێش پارتی کرێکارانی کوردستانیش) ژنان بکاته کۆڵه‌که‌یه‌کی گرنگی خه‌باتی ره‌وای کورد. هه‌ر له به‌ر ئه‌م کارانه‌ش متمانه‌ی به‌شێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستانی به ده‌ست هێنا بوو و ره‌مزی گه‌شه و په‌ره‌گرتنه‌که‌شی هه‌ر له‌یره‌وه ده‌ستی پێ ده‌کرد.
حیزبی دیموکرات خوی به " رێبه‌ر و رێکخه‌ری جووڵانه‌وه‌ی میلی دیموکراتیکی کوردستان" ئه‌زانی، مانای ئه‌م ئیده‌عایه جگه له خۆسه‌پاندن و بچووکترین حیساب بۆ "ئه‌وانیتر" نه‌کردن ده‌توانێ چی دیکه بێت؟
کۆمه‌ڵه‌ش عه‌ینی روانینی هه‌بوو، ئه‌وان نوێنه‌ری کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان بوون، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کوردانیش کرێکار و زه‌حمه‌تکێشن، که وایه کۆمه‌ڵه نوێنه‌ری "راسته‌قینه‌ی زۆربه‌ی" کوردانه و ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئیده‌عایه بجووڵێته‌وه "کۆنه‌په‌ره‌ست و دواکه‌وتووه. وه‌ڵامی ریبه‌ران و کادره‌کانی ئه‌م حیزبه‌ش هه‌رده‌م بۆ ئه‌م پرسیاره:
بوونی ئه‌و گشت خه‌ڵکه زه‌حمه‌تکێش و کرێکاره که له ریزی حیزبی دیموکرات دا خزمه‌ت، شه‌ڕ و فیداکاری ده‌که‌ن و بۆ پاراستنی ئامانجه‌کانی ئه‌و حیزبه حازرن خۆیان به کوشت بده‌ن ئه‌وه بوو که ئه‌مانه نائاگاهن (بخوێننه‌وه نه‌زان) و هێشتا "به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیی خۆیان" ده‌رک نه‌کردووه.!
ئه‌گه‌ر بهاتبا و ئه‌م دوو حیزبه به جێ ئه‌وه که هه‌رکامه‌یان خوی به حه‌ق و هه‌موو شت بزانێ ،له سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان(چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، باشتر کردنی وه‌زعی جووتیاران،یه‌کسانی ژن و پیاو، جیایی دین له ده‌وڵه‌ت و... که له به‌رنامه‌ی هه‌ردووکیان دا هاتبوو) کاریان کردبا و زمانێکی پێشکه‌وتوانه و دوور له شانتاژی باویان به کار بردبا، بێ هیچ گومانێک نه‌ک هه‌ر شه‌ڕێک نه‌ده‌هاته ئاراوه به‌ڵکوو بزووتنه‌وه که‌شیان ئاوا زوو و به‌هاسانی له به‌رانبه‌ر ریژیم دا تووشی پاشه‌کشه و سه‌ره‌نجام شکان نه‌ده‌هات.
ئه‌وه‌ی جێگای داخ و که‌سه‌ره ئه‌وه‌یه دوای ئه‌و هه‌موو زیان و زه‌ره‌ره هێشتا که‌سانێک له هه‌ردووک به‌ره دا هه‌ن وه‌ک کاک ره‌حمه‌ت بیر ده‌که‌نه‌وه و هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ته‌نیا دیوێکی ئه‌م براکوژییه ببینن. من نازانم ئه‌گه‌ر رۆژێک ئه‌و که‌سانه به‌و ئه‌ده‌بیات و بیرکردنه‌وه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه کوردستان چۆن ده‌توانن بێ شه‌ڕ و خوێنڕشتن له‌گه‌ڵ بیره‌جیاوازه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا دا هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن؟ له حاڵێک دا ته‌نیا ئه‌م شه‌ڕه به کرده‌وه نه‌ماوه ده‌نا هیچ لایه‌کیان بچووکترین تاوانی وه ئه‌ستۆ نه‌گرتووه و په‌یمان و به‌ڵێنییه‌کیش له نێوان که‌سیان دا بۆ سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه له گۆڕێ دا نیه.
له کۆتایی ئه‌م باسه دا رووداوێکی کومێدی،به‌ڵام راسته‌قینه ده‌گێڕمه‌وه تا ئه‌وه‌ی پێ خوش بوو پێبکه‌نێ و ئه‌وه‌ش ویستی هێندێک بیر بکاته‌وه:
پێش له ده‌ستپێکردنی ئه‌م شه‌ڕه، دوو ده‌سته پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه و حیزب له گوندێکی ناوچه‌ی بانه دا ده‌بن. یه‌کێک له به‌رپرسانی کۆمه‌ڵه قسه بۆ خه‌ڵک ده‌کات و له ناو قسه‌کانی دا ده‌ڵێ: کۆمه‌ڵه گه‌وره بووه، ئیتر ئه‌و ده‌ورانه به‌سه‌ر چوو که دوکتور قاسملوو ئه‌یوت مه‌نجه‌ڵێک دۆڵمه به‌شی هه‌موویان ده‌کات!
له پڕ یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کانی حیزب به ناوی سه‌عه به‌رده‌بووکی په‌لاماری تفه‌نگ ئه‌دات و ئه‌ڵێ: سه‌گباب کێ ئه‌ڵێ دوکتور قاسملوو دۆڵمه ناخوات؟!
z ڕێکه‌وتی 2009/2/8-04:05 له‌لایان مەنبەری
بۆ چوونه‌کان(4) -
?